هەشت هەنگاو بۆ ئەوەی ببیت بە مامۆستایەکی داهێنەر

لەم دواییانەدا پرسیارم لە هەندێک هاوڕێ کرد کە ئەو تایبەتمەندییانە چین کە پێویستە لە مامۆستایەکی بەهرەداردا هەبن: توانای گۆڕان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا(یان توانای خێرا بیرکردنەوەو خێرا وەڵامدانەوە)، هەبونی بیرۆکەی نوێ، خەیاڵ فراوانی، لەڕیزبه‌ندی یەکەمی لیستەکەدا بون.

چۆن بتوانین ئەم تایبەتمەندییانە بەرەوپێش ببەین؟ هەنگاوە سەرەتاییەکان چین؟

هەنگاوی یەکەم: بون بە مامۆستایەکی پڕ زانیاری

لەسەردەمی ئەمڕۆدا پەیداکردنی زانیاری بۆ فێربونی شێوازی وانە وتنەوە لەهەمو سەردەمەکانی پێشوو ئاسانترە. بونی ژمارەیەکی زۆر کتێب و خولی ڕاهێنان و سەرچاوە و خولە ئینتەرنێتیەکان و پڕۆگرامەکانی زانکۆ دەتوانن یارمەتیدەربن تا وەک “مامۆستا” بەرەوپێش بچیت.

هەبوونی زانیاری دەربارەی کۆمەڵە شتانێکیتریش گرنگە، مامۆستای بەهرەمەند زۆر زیاتر لەبابەتی وانەکە لەگەڵ خۆیدا دەباتە پۆلەوە. ئەوان لە ژینگەیەکی جیاواز پەروەردە بون و دەتوانن پشت بە ئارەزووە دەرەکییەکانیان ببەستن.

پێشنیار ئەکەم کە خوو بە ئارەزوویەکی هونەرییەوە بگرن، بۆ نمونە فێربونی ئامێرێکی مۆسیقی یان چوون بۆ خولی دراما. ئەمە جگە لەوەی کە وەک خولیایەک خۆیانی پێ دڵخۆش دەکەن لەهەمان کاتدا دەتوانن وەک ڕێگەیەکی کاریگەری فێرکردن سودی لێ وەربگرن.

بۆ نمونە، بەکارهێنانی گۆرانی لەپۆلدا زۆر هاندەر دەبێت بۆ فێرخوازەکان و یارمەتیان دەدات بۆ توانای قسەکردن و باشترکردنی شێوەی ڕاستی دەربڕینی وشەکان. بەکارهێنانی تەکنیکەکانی دراماو ئاوێتەکردنیان لەگەڵ بەرنامەی خوێندندا یەکێکیترە لە ڕێگە زۆر کاریگەرەکان بۆ دەوڵەمەندکردنی بواری فێرکردن لەڕێی حەزو ئارەزووەکانەوە.

هەنگاوی دووەم: بونی پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایانی تردا

هەرچەندە خولی ڕاهێنانە ڕەسمییەکان یارمەتیت دەدەن کە وەک مامۆستا بەرەوپێش بچیت بەڵام گرنگە کە لەگەڵ چواردەورەکەتدا لە پەیوەندیدا بیت لەبوارەکەی خۆتدا، وتە جوانەکان لەلایەن کەسە ناودارەکان و نوسەرەکانەوە دەوترێن، بەڵام زۆرجار لەلایەن مامۆستای وەک من و تۆشەوە دەردەبڕدرێت. لە ئێستادا هیچ لەوە ئاسانتر نییە کە مامۆستاییەکی بیروڕا جوان لە فەیسبوک یان یوتیوب یان تویتەر یان تۆڕەکانیتر بدۆزیتەوە و پەیڕەوی بەرنامە و پڕۆگرامەکانی بکەیت.

هەنگاوی سێیەم: دروست کردنی پەیوەندی لەنێوان ڕێگاکانی وانەوتنەوەدا

گرنگ ئەوە نییە کە تۆ هەموو ئەو ڕێگایانەی لەلات گەڵاڵەن خێرا بەکاریان بێنیت. گرنگ ئەوەیە کۆیان بکەیتەوەو ڕێکیان بخەیت وە هەرکات دەرفەتی گونجاو ڕەخسا بتوانی بەئاسانی بەکاریان بێنی، ئەمانەش ئەو بیرۆکانەن کە ڕاتدەکێشن بەرەو ئەو ڕێگەیەی کە دەتبات بەرەو بەهرەمەندی. بەتایبەتی ئەوکاتەی کە تۆ دەست دەکەی بە بەکارهێنانیان و تاقی کردنەوەیان.

کاتێک لەئینتەرنێت بیرۆکەیەکی نوێ دەدۆزیتەوە، ئەوا بێ دودڵی لەگەڵ ئامێرە چارەسەرکەر و کتێبە دەست نیشانکراوەکاندا بەکاری بهێنە.

هەنگاوی چوارەم: ئەوەی فێری بویت بەشی بکە

بەپێی ئەزمونی من، مامۆستاش( وەک فێرخواز) دەتوانێت لە دەوروبەریەوە شت وەربگرێ و فێری ببێت، بەڵام ئەم توانایە لای ئەوان بەرەو لاوازی دەچێت کاتێک بۆیان دەردەکەوێت کە ئەوان دەبێت زیاتر بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و زانیاری ببەخشن.

ئەگەر لەقوتابخانە مەشقی ڕۆژانەت هەبو، پێشنیاری کۆڕێک بکە و بابەتێکی باش هەڵبژێرە، ئیتر هەست بە باوەڕبەخۆ بوون دەکەیت کاتێک زانیاریەکانت لەگەڵ هاوڕێکانتدا بەش دەکەیت. ئەمە لەوانەیە بێ ورەت بکات بەڵام گرنگترین سات دەبێت لەژیانی مامۆستاییتدا و سەرسام دەبیت کە بۆت دەردەکەوێت  چەنێک شت فێربویت لەو دۆخەدا.

بە گۆڤارێک یان پارچە نوسینێک دەست پێ بکە، پێناسەیەک یان کورتە باسێکی بیرۆکەی وانەوتنەوەکەت بکەو گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەوانیتردا بسازێنە ، ئەو گفتوگۆیە دەبێتە هاندەرێک بۆ دروست بونی بیرۆکەی زیاتر کە وەک پردێکی گەورە وایە بۆ دروستکردنی مامۆستای بەهرەمەند.

هەنگاوی پێنجەم: ئەو بەربەستانە لاببە کە ڕێگە لە بیرکردنەوەی داهێنەرانە دەگرن

زۆرکەس هەن کە بڕوایان بە بەهرە شاراوەکانیان هەیە و ترسیان لەوە نیە کە شتانێک ئەنجام بدەن کە پێشتر ئەزموونیان نەکردوە، بەڵام زۆرێک لە ئێمە زۆرکات وا هەست دەکەین کە ناتوانین ئەو شتە ئەنجام بدەین. لەو کاتانەدا لەوانەیە وابیر بکەینەوە کە خەتای خەیاڵی خۆمانە کە وا بیر دەکەینەوە بەپێی پێویست زیرەک نین یان گەنج نین یان بەهرەدار نین . هەروەهاکەس ناتوانێت بڵێت کە هەموو کەس هەمان ئاست و توانای یەکتریان هەیە، بەڵام هەموو کەس توانایەکی شاراوەی بەهرەمەندیی هەیە. سەرنج بدە و بزانە ئێمە دەتوانین چی بکەین بە زمان! بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشەی دیاریکراو، هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانین دەستەواژەی ڕەسەن و واتادار دروست بکەین کە پێشتر بەو شێوەیە دانەڕێژرابێت. هەمووکات قەدری خۆت بزانە، لە دەوری ئەو کەسانە بە کە پشتگیریت دەکەن و هەمووکات خۆشی و ئامانجەکانی خۆیان لەگەڵ تۆدا دابەش دەکەن و وات لێ دەکەن کە هەست بە باشییەکانی خۆت بکەیت.

هەنگاوی شەشەم: مەشق بە  بەهرەکانت بکە

وەک چۆن وەرزشکاران لەڕێگەی مەشق کردنی بەردەوامەوە درێژە بەتواناکانیان دەدەن و دەیپارێزن. ئەوا مێشکیشمان لە کۆمەڵێک ڕاهێنانی ڕێک خراو سود وەردەگرێت. چی بکەین بۆ مەشق کردن بە مێشکمان؟ حەزت بە یاری وشە تان و پۆکان هەیە، یان ڕێکخستنەوەی پارچە بچوکەکانی وێنەکان؟ ئەمانە و چالاکییە هاوشێوەکانیان یارمەتی زیادبونی توانای سەرنجدان و تەرکیز کردن و پەرەپێدانی بەهرەکان دەدەن.

ئێمە زۆرجار بە فێرخوازەکان دەڵێین کە مەشق کردن دەبێتە هۆی باشتربون، بەڵام گرنگە کە خودی خۆشمان هەمان شت پەیڕەو بکەین، کەسە لێهاتووەکان لە بوارە جیاجیاکان بۆ نموونه‌: سەماکارەکان، سەرۆکی چێشت لێنەران،

مامۆستاکان، لەڕێی مەشق کردنەوە گەیشتون بەو پلە بەرزانە، تەنها لە شەوێکدا بەدەستیان نەهێناوە،  مەشق کردنیش پێویستی بە ئارام گرتن هەیە، کاتێک مەشقی هەرشتێک دەکرێت باشتر وایە مێشکت بۆ پڕۆسەکە ڕێک بخەیت نەک ئامانجەکە، بەشێوەیەکیتر دەکرێ بڵێین بەوە قایل بە کە لەکاتی ئێستادا ئەنجامی دەدەیت نەک دودڵ بیت لەوەی کە دەبێت لە کۆتاییدا چی بەدەست بهێنیت.

هەنگاوی حەوتەم: دەست بکە بە تاقی کردنەوەی کرداری و کاردانەوە لەسەر شێوازی فێرکردنەکە

بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێگەیەی کە دەبێتە هۆی هیلاک بون و بەرەوپێش نەچون وەک” مامۆستایەک” ، پێکەوە لکاندنی هەمان بیرۆکە و تەکنیکە کۆنەکانە بە بێ ئەوەی شتێکی نوێ بەکاربهێنی.

ئەم شێوە کارکردنە لەهەندێ خاڵدا دەبێتە هۆی سنوردارکردن و پلە دابەزاندنی فێرخوازەکان، فێرخواز کاردانەوەی باشیان بۆ ئەو مامۆستایانە هەیە کە شوێن هەنگاو و ڕێگە کۆنەکان ناکەون، زۆربەی فێرخوازەکان ئەو جۆرە مامۆستایانەیان لا پەسەندە کە ئارامگر و سنگ فراوانن و توانای ڕوون کردنەوەی شتەکانیان بەباشی هەیە، ئەو مامۆستایانە بەرز دەنرخێنن کە وانەکانیان پڕن لە سوپرایز و ئامێرە گاڵتەئامێزەکان.

هەوڵبدە بیرۆکەی نوي بەکاربێنی، یان کۆنەکانیش بەکاربێنە بەڵام بیری وەستاندنیانت هەبێ. بیربکەرەوە و ئەو ئەزمونانە هەڵسەنگێنە کە ئەنجام دراون. لە سەرکەوتن و شکستەکانتەوە فێر ببە. هەوڵبدە ئەوە بکەیتە بەشێکی هەمیشەیی شێوازی وانەوتنەوەت.

هەنگاوی هەشتەم: بەهرەمەندی بکەرە ئامانجێکی ڕۆژانەت

 بەهرەمەندی یارمەتیت دەدات لەچارەسەرکردنی کێشەکاندا. ئەمە بۆ مامۆستا بەسودە چونکە چارەسەرکردنی کێشە ئەو ئیشەیە کە مامۆستا هەموو کاتێک ئەنجامی دەدات لەکارکردنی ڕۆژانەیدا، بۆ نمونە: لەکاتی بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێرکردن، جێ بە جێ کردن و پلەدانان، بەجێ هێنانی ئەو چالاکیانەی کە فێرخوازەکان نایزانن،  یارمەتیدانی ئەو فێرخوازانەی کە بەپێی پێویست بەرەوپێش نەچون. بۆ بەردەوام بەرەوپێش چونی ئەم بوارانە پێویستە داهێنان و بەهرە بکەیتە بەشێکی سەرەکی ڕۆتینی ڕۆژانە نەک چالاکییەکی ناوبەناو.

بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەو شتانە بکە کە ئەنجامت داون و بزانە بە چ ڕێگەیەک دەکرا وانەکەت زیاتر هاندەر و دروستکەرو  خۆشتر بوایە بۆ فێرخوازەکان. لەسەرو ئەمانەشەوە کات بدە بە خۆت و بە ڕەقی بڕیار لەسەر خۆت مەدە. پێشکەوتنی توانای بەهرەمەندی و بیرکردنەوەی هەر کەسێک وەک پێشکەوتنی هەموو ئاست و توانایەکیتری مێشک وایە، بەخێرایی و ئاسانی پێش ناکەوێت، بەڵکو پێویستی بە ئارام گرتن وکات تەرخان کردن و هەبونی ئارەزوی سەرکەوتنە.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه 

سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه

ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجی

وەرگێڕ: ئاڵا فرج

 هەڵەچن: خه‌بات ره‌فيق محمد

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Ala Faraj

ئاڵا فرج حسین دەرچوی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتییە لە زانکۆی سلێمانی. پیشەی مامۆستایە. ئەو هەم زمانی ئینگلیزی و هەم پیشەکەی زۆر خۆشدەوێت، چونکە باوەڕی وایە بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەندە لەسەر پەروەردەیەکی تەندروست. ئامانجی ئاڵا گەیاندنی خزمەتە بە کۆمەڵگاکەی بەگشتی و چینی مامۆستا بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا، وە دڵنیاشە کە لەگەڵ گروپی فێرۆپیدیادا زووتر بەو ئامانجەی دەگات.

لێرەش بگەڕێ

ووتنەوەی ئینگلیزی بە فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت – ئەفسانەکان و ڕاستییەکان

لەم ووتارەدا، ماری دیلانی لە هەندیک لەو ئەفسانانە دەکۆڵێتەوە کە دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی …

Share via
Send this to a friend